ئیعتیكاف (الاعتكاف)
ئیعتیکاف سوننەتێکی موئەککەدە ، پێغەمبەری خوا (دروودی خوای لەسەر بێت) لە دە ڕۆژی کۆتایی ڕەمەزاندا ئیعتیکافی دەکرد تا ئەو کاتەی وەفاتی کرد، پاشانیش خێزانەکانی لە دوای ئەو ئیعتیکافیان کردووە.
بە پشتیوانی خوای گەورە ئیعتیکاف ڕۆژی دووشەممە بەپێی بینینی مانگ لە مەککە دەست پێدەکات، وە ڕۆژی سێشەممە بەپێی بینینی هەندێک وڵاتی تر. ئەمەش هەلێکی گەورەیە بۆ قۆستنەوەی ئەم شەوە پیرۆزانە.
ئیعتیکاف پەرستشێکی مەزنە، کە تێیدا مرۆڤ خۆی بۆ پەرستش یەکلایی دەکاتەوە، و بەدوای شەوی قەدردا دەگەڕێت، هەروەها تێکۆشانە لە خواپەرستی و گوێڕایەڵیدا.
هەرکەسێک توانی هەر دە ڕۆژەکەی کۆتایی بە تەواوی ئیعتیکاف بکات، ئەوە خێرێکی زۆر گەورەیە.
ئەوەشی نەیتوانی، با ئەوەندەی بۆی دەگونجێت و بۆی ئاسانە لەم شەوانەدا ئیعتیکاف بکات.
وە ئەگەر هەر نەیتوانی، با سوور بێت لەسەر ئیعتیکافکردن لە شەوە تاکەکاندا، بەتایبەتی شەوی بیست و حەوتەم، چونکە ئومێدپێدراوترین شەوە بۆ ئەوەی ببێتە شەوی قەدر.
هەرکەسێکیش ئیعتیکافکردنی بۆ نەگونجا، با سوور بێت لەسەر ئەوەی زۆربەی کاتەکانی شەو لە مزگەوتدا بە نوێژکردن و زیکری خوا و قورئان خوێندن بەسەر ببات (شەونخوونی بکات).
هەروەها با دوعا و پاڕانەوە زۆر بکات، بەتایبەتی ئەو دوعایەی کە پێغەمبەری خوا (دروودی خوای لەسەر بێت) فێری کردووین: (اللهم إنك عفو تحب العفو فاعف عني) واتە: ئەی خودایە ، بێگومان تۆ لێبووردەی و لێخۆشبوونت خۆش دەوێت، بۆیە لێم خۆش ببە).
ئەم شەوانە هەلێکی زۆر گەورەن بۆ گەڕان بەدوای شەوی قەدردا و زۆر دوعاکردن، هەروەها قۆستنەوەی کاتەکان لەو کارانەی کە مرۆڤ لە خوای گەورە نزیک دەکەنەوە.